تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاند،  دەنگی هەشت تەقینەوە لە شاری بەندەر عەباس لە باشوری وڵاتەکە بیسترا و سیستمی بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا، سێنتکۆمیش پشتراستیکردەوە هێرشەکان بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بووە.

دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران، بڵاویان کردوەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە باشوری وڵاتەکەی بیستراوە، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا هێرشيکانی بۆسەر ئێران پشتراست کردەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی ئێران دەستپێکرد، ئامانجی ئەم هێرشانەش پەکخستن و تێکشکاندنی زیاتری ئەو توانایانەی ئێرانە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.

ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن بە توندی سەرکۆنەی رەفتارەکانی ئەم دواییەی تاران دەکات، هەروەها ئێران بە تەواوی بەرپرسیارە لەو هێرش و دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، لە کاتێکدا کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئازادانە لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگەدا هاتوچۆیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانیش  پچڕانی کارەبای راگەیاند لە  بەشێک لەو شوێنانە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.

 دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیی بڵویکردەوە، واشنتۆن پێشوەخت ئاگاداری کردونەتەوە لە نیازی هێرشکردنە سەر ئێران.

لای خۆشیەوە، ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە لێپرسراوێکی ئەمریکی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا  پێگە سەربازییەکانی ئێرانی لە گەروی هورمز کردوەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەشکردوە، هێرشەکانی ئەمشەوی سەر ئێران لە هێرشەکانی دوێنی فراوانترن.

 بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان و سەرچاوەیکی سەربازی رایگەیاندوە، وەڵامان بۆ هێرشيکان توند و پەشیمانکەرەوە دەبێت