مێژو خۆی دوبارەدەکاتەوە؛ یاری بەرازیل و سکۆتلەندا پەیوەندیان بە بومەلەرزەوە چییە؟
بڵند
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
مێژوی تۆپی پێ و کارەساتە سروشتییەکان جارێکی دیکە بە هاوکاتییەکی سەیر و نامۆ بە یەکەوە بەسترانەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یاری نێوان بەرازیل و سکۆتلەندا لە جامی جیهانی 2026، دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند.
روداوەکە سەرەڕای کارەساتباریەکەی کە بوە هۆی گیان لە دەستدانی 164 کەس و برینداربونی زیاتر لە 900 کەس، یادەوەریەکی تاڵیشی لەگەڵ خۆیدا بە بیری جیهان هێنایەوە، کاتێک پێش 36ساڵ و لە مۆندیالی 1990دا، رێک لە کاتی پەخشی راستەوخۆی هەمان یاری (بەرازیل و سکۆتلەندا) ، بوومەلەرزەیەکی کتوپڕ بە گوڕی7.4 پلە ئێرانی وێران کرد.
بەهۆی بومەلەرزکەوە زیاتر لە 35 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 60 هەزار کەسیش بریندار بوون؛ لەو شەوەدا ئەو ئێرانیانەی بۆ بینینی یارییەکە نەخەوتبوون توانیان لەژێر داروپەردووی خانوەکانیاندا رزگاریان بێت.
ئێستا و دوای نزیکەی چوار دەیە، مێژوو خۆی دووبارە کردەوە و لە کاتی یاری گەڕانەوەی ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە مۆندیالی 2026دا، دوو بوومەلەرزەی یەکبەدوایەک بە گوڕی 7.5 و 7.2 پلە و بە جیاوازی تەنها یەک خولەک ڤەنزوێلایان هەژاند، کە تەنانەت لەرینەوەکەی لە ناوچەکانی ئامازۆنی بەرازیلیش لە دووری 1700 کیلۆمەتر هەستی پێکرا.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ئەم کارەساتەی لە ڤەنزوێلا رویداوە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 164 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 900 کەسی دیکە، هاوکات لە ویلایەتی کەناراوی لا گوایرارەوشی نائاسایی راگەیەندراوە و زیانێکی زۆر بە دەیان باڵەخانە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سیمۆن بۆلیڤار و تۆڕی مێترۆی کاراکاس کەوتووە.
هەرچەندە لە روی زانستییەوە هیچ پەیوەندییەکی هۆکار و دەرەنجام لە نێوان ئەم دوو روداوەدا نییە، بەڵام هاوکاتیی ئەم دوو بوومەلەرزە گەورەیە لەگەڵ یاری بەرازیل و سکۆتلەندا بە جیاوازی 36 ساڵ، ئەم روبەڕووبوونەوەیەی تۆپی پێی وەک یەکێک لە سەیرترین رێکەوتەکانی مێژووی وەرزش و سروشت تۆمار کرد.



