هێزەكانی سنوری عیراق رایانگەیاند كە  توانیویانە رێگری لە قاچاخچێتیی 34 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بكەن، كە لەرێگەی باڵۆنێكی هەواییەوە لە سنوری پارێزگای ئەنبار رەوانە كرابوو.

فەرماندەیی هێزەكانی سنوری عیراق رایگەیاند مەفرەزەكانی فەوجی سێی لیوای شەش لە پارێزگای ئەنبار دەستیان بەسەر بڕی 34 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

بەپێی زانیارییەكان ئەم بڕە لە ناو باڵۆنێكی هەواییدا شاردرابووەوە و ویستراوە لە دەروازەی تەرێبیلی سنورییەوە تێپەڕێنرێت.

فەرماندەییەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لەرێگەی كامێرا گەرمییەكانەوە توانراوە جوڵەی باڵۆنەكە لەسەر هێڵی سنوری جیهانی ببینرێت و بخرێتە خوارەوە.

هەروەها دەركەوتووە كە 197 هەزار حەبی كەبتاگۆن لەناو باڵۆنەكەدا بووە و جەختی لە گرتنەبەری رێوشوێنی تر كردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.