دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمرۆ سێشەممە، رایگەیاند کە ئێران بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی گشتگیر بە بەرزترین ئاستی پرۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی رازی بووە.

ترەمپ لە وتارێکدا رایگەیاند: ئێران بە تەواوەتی و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە داهاتوودا، بە بەرزترین ئاستی پرۆسەکانی پشکنینی ئەتۆمی رازی بووە، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر ئێران بەو پشکنینانە رازی نەبووایە، هیچ دانوستانێکی تر نەدەبوو.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: هەموو کەشتییەکان لە شوێنەکانی خۆیان دەهێڵمەوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان ئەگەر پێویست بکات، رونیشی کردەوە کە: ئەم هەنگاوە دەستەبەری پاکژی و دروستیی دۆسیە ئەتۆمییەکە دەکات، ئەگەر ئێرانیش بەمە رازی نەبووایە، هیچ گفتوگۆیەکی تر نەدەبوو.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا لەم قۆناغەدا ئەگەرێکی زۆر کەمە، رونیشی کردەوە کە: ئەو پارانەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ئێران ئازادیان دەکات، دەچنە ناو ژمێریارییەکی دەستەبەرییەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتۆندایە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو پارانەی کە ئازادیان دەکەین، بۆ کڕینی ماددە خۆراکی و پزیشکییەکان لە ئەمریکا بەکار دەهێنرێن، وەک گەنمەشامی، گەنم و فاسۆلیای سۆیا، جەختیشی کردەوە: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوە دەچن.