ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتۆنی پایتەخت دەست پێ دەکات، بە مەبەستی تاوتێکردنی چەند دۆسیەیەکی ئەمنی و سیاسی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوانیان.

وەفدی لوبنانی لە دوو تیمی ئەمنی و سیاسی پێکهاتووە و باڵیۆز "نەدا مەعوەز" نوێنەرایەتی دەکات و ئیمزا لەسەر بڕیارەکان دەکات، لە بەرانبەردا باڵیۆز "یەحیێل لیتەر" سەرۆکایەتیی وەفدی ئیسرائیلی دەکات، هه‌روه‌ها "مارکۆ روبیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دەکات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، رێڕەوی ئەمنی دانوستانەکە تیشک دەخاتە سەر جێگیرکردنی ئاگربەست و میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی "زۆتەر" و رادەستکردنی بە سوپای لوبنان. لایەنی لوبنانی هەوڵ دەدات ئەم هەنگاوە فرەوانتر بکات بۆ خێراکردنی کشانەوەی تەواوەتی، لە کاتێکدا ئیسرائیل پێداگری لەسەر هێشتنەوەی ئەوە دەکات کە پێی دەڵێت "هێڵی زەرد" وەک ناوچەیەکی ئەمنیی دابڕاو.

لە لایەکی ترەوە، میکانیزمی چاودێریی مەیدانی وەک خاڵی سەرەکیی ناكۆكییەكان لە نێوان هەردوولادا دەمێنێتەوە؛ چونکە لوبنان داوای چاودێرییەک دەکات کە ئەمریکا سەرکردایەتی بکات یان لە رێگەی هێزەکانی یونیفێل (UNIFIL)ـەوە بێت، بەڵام ئیسرائیل داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی هاوبەش دەکات کە لە لایەن لوبنانەوە رەت دەکرێتەوە.

سەبارەت بە رێڕەوی سیاسی، گفتوگۆکان لەسەر داڕشتنی "راگەیاندنی نیازپاکی هاوبەش" دەبن، کە تێیدا رێزگرتن لە سەروەری و سنوورەکانی یەکتر بچەسپێنرێت، لەگەڵ دیاریکردنی ملامح و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگدا.