ڤانس: كاری زۆرمان ماوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران
سەوسەن سەید
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر بەدەستهێنانی پێشکەوتنی بنەڕەتی لە کۆمەڵێک دۆسیەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا کردەوە لە میانی دانوستانە بەردەوامەکانی شاری "بێرگنشتۆک"دا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەی ئەمریکا کار بۆ دارشتنی بنەمایەکی پتەو دەکات بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ڤانس پێشکەوتنی دانوستانەکانی راگەیاند و رونی کردەوە کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ماوەی هەفتەکەدا بەردەوام دەبن، و گفتوگۆکان لەگەڵ پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئەمڕۆوە لە "بێرگنشتۆک" دەستیان پێکردووە.
هەروەها ڕەزامەندیی لایەنی ئێرانی بۆ بانگهێشتکردنی پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ وڵاتەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" وەسف کرد.
لە چوارچێوەی ئاسایشی وزە و دەریاوانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی وڵاتەکەی میکانیزمێکی داناوە بە ئامانجی کراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز، وێڕای میکانیزمێک بۆ رێگریگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و تەقەکردن.
ڤانس ئەوەشی خستەڕوو کە کارەکان بەردەوامن بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی پسپۆڕانە بە مەبەستی پاککردنەوەی گەرووەکە لە مین.
سەبارەت بە دۆسیەی لوبنانیش، ڤانس ئاشکرای کرد کە میکانیزمێک بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان داندراوە.
جەختیشی کردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆپاراستنی هەیە، بەڵام بەپێی میکانیزمێک کە گەرەنتی ئەوە بکات بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت، هاوکات جەختی لەسەر هەوڵەکانی واشنتۆن کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەریی لوبنان لە یەک کاتدا، ڤانس داواشی لە لایەنی ئێرانی کرد کە پێویستە "حیزبوڵا کۆنترۆڵ بکات".
ڤانس لێدوانەکانی کۆتایی پێهێنا بە ئاماژەکردن بەوەی کە لە دۆسیەی لوبناندا، لە میانی دانوستانەکانی "بێرگنشتۆک"دا، پێشکەوتنێکی بەرچاو بەراورد بە 24 سەعاتی رابردوو بەدەست هاتووە، جەختیشی لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە سەرەڕای هەبوونی هەندێک گڵەیی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئاهەنگگێڕانە بەبۆنەی ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست هاتوون، لەگەڵ دانپێدانان بەوەی کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەری هەمیشەیی.



