روانگەی عیراقی سەوز لە راپۆرتێکی نوێدا ئامارێکی مەترسیداری لەسەر قەبارەی پیسبوونی خاکی عیراق بەهۆی پاشماوەکانی جەنگەوە بڵاوکردەوە، و رایگەیاند کە چوار هەزار و 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی وڵات بە مین و تەقەمەنی نەتەقیوەوە پیسبووە.

بەپێی راپۆرتەکە، عیراق پێویستی بە 10 بۆ 15ساڵ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە تەواوی لەو پاشماوە مەترسیدارانە رزگاری بێت، بەڵام جەختکراوەتەوە کە ئەمەش پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح و بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

لەسەر ئاستی مرۆیی، رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە قەبارەی کارەساتەکە زۆر گەورەیە، بەوپێیەی ژمارەی قوربانیانی مین و پاشماوەکانی جەنگ لە عیراق بە 50 هەزار کوژراو و بریندار دەخەمڵێندرێت، ئاماژە بەوەش کراوە کە زۆربەی هەرە زۆری قوربانییەکان منداڵان و ئاژەڵدارانن (شوانکارەکان).