قوباد تاڵەبانی: گەنجان نەک هیوای داهاتوو، بەڵکوو وزە و هێزی سەرەکین لە نەخشاندنی ئێستادا
دیلان
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، گەنجانی هەڵەبجە بە خەونی گەورەوە پێگەیشتوون و هیچ پێشکەوتنێک بەبێ ئەوان بەدی نایەت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، گەنجان نەک هیوای داهاتوو، بەڵکوو وزە و هێزی سەرەکین لە نەخشاندنی ئێستادا، لە هەڵەبجەش وەک هەموو ناوچەکانی تر نەوەیەک لە گەنجان بە خەونی گەورە و بیرۆکەی مەزنەوە پێگەیشتوون و هیچ پێشکەوتن و گەشەسەندنێک بەبێ بەشداری ئەوان بەدی نایەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "خۆشحاڵ بووم بە دیدارم لەگەڵ رێکخەرانی تێد ئێکس ئاشتی (TEDx Ashti) و گفتوگۆمان لەبارەی چۆنییەتی پشتگیریکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە هانی داهێنان، کارسازی و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز و گەشەسەندوو دەدەن".
وتیشی: خەون و بیرۆکەکانی ئەم گەنجانە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی گەشەپێدانی ناوچەیی، دڵنیاین هەڵەبجە لەسەر دەستی ئەم گەنجانە داهاتوویەکی گەشەدارتر و پێگەیەکی شیاوتری دەبێت.


