رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ترەمپ بە نهێنی بە راوێژکارەکانی وتووە؛ کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی بە واتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دێت.

رۆژنامەی وۆڵ ستیریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی بە تیم و راوێژکارەکانی راگەیاندووە، لە ئەگەری کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە، ئاگربەستی نێوانیان بەتەواوەتی کۆتایی پێدەهێنێت.

ئەم پەیامەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک جەختی لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی کردووەتەوە، بەڵام هاوکات بژاردەی سەربازیشی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەپێی راپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، سەرەڕای زنجیرەیەک پێکدادانی کاتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راگیراون.

لە بەرانبەردا، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو پێکدادانانەی بە "رێوشوێنی بەرگری" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەو چالاکییانە بە مانای گەڕانەوە بۆ شەڕی هەمەلایەنە نایەت، رۆبیۆ وتیشی: "ئەو پێکدادانانە وەڵامی کردەوەکانی ئێرانن، ئەگەر ئەوان دەستپێشخەری نەکەن، ئێمەش هیچ ناکەین، بەڵام ناچارین وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بدەینەوە."

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی ئەو هێرش و پێکدادانانە، گوشارێکی زۆری لەسەر ئیدارەکەی ترەمپ دروستکردووە و بووەتە هۆی ئەوەی گومان لەسەر مانەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەی درێژخایەن دروست ببێت.