هەیبەت حەلبوسی: لە 48 سەعاتدا بەرنامەی حكومەت دەگاتە دەستمان
لاڤە
٥ی ئایاری ٢٠٢٦
هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، لە ماوەی 48 سەعاتدا بەرنامەی حكومەت دەگاتە دەستیان، پێشبینیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو دەنگ لەسەر پێكهاتەی وزاری بدرێت.
رۆژنامەی سەباح لە زاری هەیبەت حەلبوسی بڵاویكردەوە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بەرنامەی حكومی لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانەوە دەگاتە دەستیان و دواتر لەناو ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتەڕوو.
محەمەد شەمەری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، رێككەوتن لەسەر زۆرینەی وەزارەتەكان كراوە و تەنها 40%ی ماوە كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، راشیگەیاند، ناكۆكی زۆر بوونی نییە و زۆربەی گرێ سیاسییەكان كراونەتەوە، بە تایبەت لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا. بە وتەی ئەو ئەندامە، سەرۆك وەزیرانی عیراق زیاتر لە ناوێك بۆ وەزارەتەكان پێشكەش دەكات.
هەروەها مەحمود حەیانی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوە كردووە، ئەو ناوانەی باس دەكرێن بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان دوورن لە راستییەوە و تا ئێستا هیچ ناوێك بڵاونەكراوەتەوە.



