ئەمڕۆ، نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە کرد، کە بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی

بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار سەردانی نزار ئامێدییان کردبوو، و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی وڵاتدا.

لە دیدارەکەدا، کە هەرێم کەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە ئامادەی بوون، باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات کرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن کردەوە، بە جۆرێک کە گەرەنتی پەسەندکردنی ئەو یاسایانە بکات کە پاڵپشتی لە چاکسازی دەکەن، وەڵامدەرەوەی کاریگەری پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بن، هاوکات ببێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوەکان.

 هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد لە پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی حکومەت و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.

هەر لە دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی خێراکردنی هەنگاوەکانی تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری و هەڵبژاردنی کەسانی لێهاتوو و بەتوانا کرایەوە، کە بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەک راپەڕێنن لەگەڵ داخوازییەکانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت.

سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستیی پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی حکومەتەکەی جێبەجێ بکات، بە ئامانجی بەدیهێنانی خواست و داواکاری هاووڵاتییان و بەهێزکردنی رەوتی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی لە وڵاتدا.