سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێشوازی لە وەفدێکی دیوانی ئەوقافی ئایینی کریستیان و ئێزدی و مەنداییەکان بەسەرۆکایەتی د. رامی جۆزێف ئاغا خان، کرد و باسیان لەبارودۆخی پێکهاتە ئایینییەکان و چۆنیەتی پشتیوانیکردن لەمافەکانیان کرد.

نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە وەفدێکی دیوانی ئەوقافی ئایینی کریستیان و ئێزیدی و مەنداییەکان بەسەرۆکایەتی د. رامی جۆزێف ئاغا خان.

وەفدەکە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆک کۆمار پیرۆزباییان پێشکەش کرد  و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامییان بۆ خواست.

لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەبارودۆخی پێکهاتە ئایینییەکانی وڵات و چۆنیەتی پشتیوانیکردن لەمافەکانیان و پاراستنی فرەچەشنییان کرا.

هاوکات، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەهێزکردنی گیانی هاووڵاتیبوونی گشتگیر کردەوە و دوپاتیشی لەپێویستی پاراستنی هەمەجۆریی ئایینی و کلتووری وەک بەردی بناغەی سەقامگیریی عێراق کردەوە.

لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ بایەخدانی بەڕێزیان بەپرسی پێکهاتە ئایینیەکان دەربڕی وپابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت بەشێوەیەک کەخزمەت بە وڵات و یەکڕیزی نیشتمانی بەهێز بکات.