وەزارەتی نەوتی عیراق: نۆژەنكردنەوەی بۆری نەوتی فیشخابور - جەیهان لە قۆناغی كۆتایدایە
ئاکام
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، نۆژەنكردنەوەی بەكارهێنانی بۆری نەوتی فیشخابور - جەیهان لە قۆناغی كۆتایدایە و توانای هەناردەكردنی یەك ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
ساحیب بەزون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، كارپێكردنەوەی بۆری نەوتی فیشخابور – جەیهان لە قۆناغی كۆتاییدایە.
دەشڵێت، بۆرییەكە هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام بۆ ماوەیەكی زۆر پشتگوێخراوە و لە كاتی شەڕ داعشدا زیانی بەركەوتووە، ئەمەش پێویستی بە پشكنینی هەمەلایەنە و چاككردنەوەی هەبوو.
راشیگەیاند، لە ئێستادا كارەكان تایبەتە بە پشكنینی هایدرۆستاتیكی بەشی كۆتایی و گۆڕینی پەمپەكان بۆ دڵنیابوون لە كاركردنی بە سەلامەتی.
وتیشی، لە رێگەی بۆرییەكەوە دەتوانرێت یەك ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە بكرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەناردەكردن.



