وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمی تەماتە لە چەند پارێزگایەک، وڵات ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی قەبارەی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە لە مانگەکانی داهاتوودا.

مەهدی سەهر جبووری، بریکاری کارگێڕی وەزارەت، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە وەزارەت کاردەکات بۆ هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی بەرهەمهێنەر و بەکاربەر.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکانی راگرتن یان رێگەدان بە هاوردەکردنی کاڵا کشتوکاڵییەکان بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاستی بەرهەمی ناوخۆییەوە، هەر کاتێک خۆبژێوی بەدی هات، هاوردەکردن رادەگیرێت بۆ پاڵپشتی جوتیاران.

وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانی چاودێری نرخ لە هەموو پارێزگاکان بەردەوامن لە چاودێری نرخەکانی کۆ و تاک، تاوەکو رێگری بکەن لە هەر بەرزبوونەوەیەکی بێ پاساو کە زیان بە هاوڵاتییان بگەیەنێت.

ئەم پەرەسەندنە وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کەرتی کشتوکاڵی عێراق دادەنرێت، کە نەک تەنها ئاسایشی خۆراک دابین دەکات، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی تری داهات لە ڕێگەی هەناردەکردنی ماوەی زیادەی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات.