سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری کرد
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە شبل ئەلزەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خزمەتگوزاری و وەفدی یاوەری کرد.
وەفدی میوان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی گەرمیان ئاراستەی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا و خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەل.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانیانەوە.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەکان بکات و وەڵامدەرەوەی خواست و ئاواتەکانی گەل بێت، بەجۆرێک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و خزمەتکردن بە پرۆسەی گەشەپێدان لە وڵاتدا.
لە دیدارەکەدا، هەرێم کەمال، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە ئامادە بوون.



