حكومەتی عیراق هاوكاری دارایی قوربانیانی هێرشەكانی ئەم دواییانە دەكات و هەرێمیش دەگرێتەوە
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
حكومەتی عیراق بڕیاریدا هاوكاری دارایی كەسوكاری قوربانیانی هێرشەكانی ئەم دواییانەی سەر خاكی عیراق دەكات و بڕیارەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكات بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی بۆ خێزان و كەسوكاری قوربانیانی دوایین هێرشە سەربازییەكانی سەر خاكی عیراق.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بریارەكە قوربانیانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی تەواوی بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق-سۆمۆ بەخشیوە بۆ بەكارهێنانی میكانیزمە بەردەستەكانی بەبازاڕكردن و زیادكردنی هەناردەی نەوتی خاو.
بەپێی بڕیارە نوێیەكە، وەزارەتی نەوت دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا بكات كە ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ كڕینی بڕی زیاتری نەوت، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئاستی داهات و تێپەڕاندنی قەیرانە داراییەكان.



