چوارچێوەی هەماهەنگی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرد
بڵند
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی، دوای چەند جارێک کۆبوونەوە لە کۆتایدا بە کۆی دەنگ عەلی زەیدییان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری کرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دیاریکردنی عەلی فالح كازم زەیدی وەک پۆستی سەرۆک وەزیران عیراق، بە ئامانجی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتودا بگونجێت.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، چوارجێوەی هەماهەنگی سوپاسی هەڵوێستی مێژویی هەر یەک لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کرد، کە بڕیاریاندا لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بکشێنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر چەند جارێک بۆ هەمان مەبەست چوارجیوەی هەماهەنگی کۆبوبونەوە و بەهۆی رێککنەکوتن لەسەر کاندیدێک و بوونی ململانێ لە ناو سەرکردەکانی چوارچێوەدا نەگەشتبوونە ئەنجام.



