توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (Poultry Science) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە تیمێکی توێژەران لە زانکۆی میسووری ئەمریکی بە سەرۆکایەتی زانا "کیهۆ لی"، هەنگاوێکی گرنگیان ناوە بەرەو پەرەپێدانی جۆرە مریشکێک کە بتوانێت پرۆتینی سوودبەخش بۆ چارەسەری پزیشکی لەناو هێلکەکانیدا بەرهەمبهێنێت.

بەکاربردنی هێلکەی مریشک بۆ مەبەستی پزیشکی (وەک ڤاکسینی ئەنفلۆنزا) بیرۆکەیەکی کۆنە، بەڵام زانایان هەمیشە رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبوونەوە، ئەویش ئەوە بوو کە کاتێک جینێکی نوێیان دەخستە ناو دی ئێن ئەی (DNA) مریشکەکەوە، دوای ماوەیەک جینەکە لە کار دەکەوت یان کاریگەرییەکەی نەوە دوای نەوە کەمی دەکرد، ئەمەش بە "سەپاندنی لاوەکی" (epigenetic suppression) دەناسرێت.

بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستە، تیمە توێژەرەکە تەکنیکێکی جیاوازیان بەکارهێنا کە بریتی بو لە بەکارهێنانی مەکینەی بڕینی جین (CRISPR)، بەشێوازێک جینە نوێیەکەیان لە شوێنێکی دیاریکراوی جینۆمدا چاند کە پەیوەستە بە جینی (GAPDH).

جینی (GAPDH) بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی وزە لە شەکر و هیچ خانەیەک ناتوانێت بەبێ ئەو بژی، بۆیە هەمیشە بە چالاکی دەمێنێتەوە، زانایان سوودیان لەم تایبەتمەندییە وەرگرت و جینە پزیشکییەکەیان لەوێدا جێگیر کرد بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی هەمیشە بە چالاکی دەمێنێتەوە.

ئەنجامەکان چییان نیشاندا؟
تاقیکردنەوەکان سەرکەوتوو بوون، ئەو نیشانە رووناکییەی (فلۆری) کە بۆ چاودێریکردنی جینەکە دانرابو، دوای دابەشبونی خانەکان و تێپەڕبونی کاتێکی زۆر بە جێگیری مایەوە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە جینەکە کپ نەکراوە و بەردەوامە لە کارکردن.

هەنگاوی داهاتوو:
هەرچەندە ئەم تاقیکردنەوانە تا ئێستا تەنها لەسەر ئاستی خانەکان ئەنجامدراون و نەگەیشتوونەتە سەر باڵندەی زیندو، بەڵام ئەم دۆزینەوەیە رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مریشک وەک "کارگەیەکی زیندو" بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان و پرۆتینە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی جێگیر و کاریگەر.

سەرچاوە: Naukatv.ru