قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری ژینگە و وزەی یۆنان کۆبووەوە
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦
لە بەردەوامیی دیدارەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفیدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ستاڤرۆس پاپاستاڤرۆ، وەزیری ژینگە و وزەی یۆنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا کە لە دوای بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکانی دێڵفی لە یۆنان و سلێمانی، پێکەوە کاربکەن بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا بکەوێتە قۆناغی کردارییەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ کرا لەبارەی دروستکردنی تیمی تەکنیکیی پسپۆڕ لە بوارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکان و گەشتیاریی و کشتوکاڵ و وزە و تەندروستی بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەک بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکان و هەنگاونانی کرداری.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە گرنگیی هەرێم بۆ یۆنان کرا.
هەردوو لا هاوڕابوون، کە یۆنان دەتوانێت پردێک بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کشتوکاڵیی هەرێم لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و هەروەها هەرێمیش دەتوانێت دەروازەیەک بێت یۆنان بەڕووی ناوچەکانی دیکەی عیراقدا.


