ئیمانوێڵ ماکرۆن: لە هەوڵداین گەروی هورمز بکەینەوە و یارمەتیی لوبنانیش بدەین خۆی بنیادبنێتەوە
ساکۆ
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦
سەرۆکی فەرەنسا لە میانەی سەردانێکیدا بۆ وڵاتی قوبڕس، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە بەست و تێیدا ئاماژەی بە دوایین پێشهاتە سەربازی و جیهانییەکانیش کرد.
ئیمناوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی و 49 وڵاتی دیکە لە هەوڵی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی درێژخایەنی دیپلۆماسی و دارایی و سەربازیدان بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و کردنەوەی گەروی هورمز و سەقامگیری نرخی وزە لە جیهاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، پاریس پڕۆژەی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی سوپای لوبنان و ئاوەدانکردنەوەی باشوری ئەو وڵاتە گرتووەتەبەر، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە نوێیەکانی سەر هێزەکانی "یونفیڵ" کە گیانلەدەستدانی سەربازێکی فەرەنسی لێکەوتەوە و پاریس حزبوڵڵا بە بەرپرسیار دەزانێت.
وتیشی، یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی سەرۆکایەتی قوبرسەوە ئامادەکاری بۆ خەرجکردنی قەرزێکی 90 ملیار یۆرۆیی بۆ ئۆکرانیا دەکات و هەوڵەکانیشیان بۆ توندترکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر "کەشتیگەلی تارمایی" روسیادا چڕتر دەکرێنەوە تاکو رێ لە دەربازبوونی مۆسکۆ لە سزاکان بگرن و ئاسایشی نێودەوڵەتی بپارێزن.



