قوباد تاڵەبانی: داوام لە حکومەتی یۆنان کرد کار بکات بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لە نێوان سلێمانی و ئەسینا
محەمەد رزگار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ یۆرگۆس یێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و جەختیان لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ یۆرگۆس یێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بە گرنگمان زانی کاری زیاتر بکرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵدا.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش داوام کرد حکومەتی یۆنان کار بکات بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و ئەسینا.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، وەک چۆن ساڵی رابردوو کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابوریی دێڵفی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولامان بە پێویستمان زانی کاری هاوبەش بکرێت بۆ ئەوەی بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە لە سلێمانی بەردەوام بێت.


