ترەمپ: رێککەوتنی نوێ لەگەڵ ئێران زۆر لە رێککەوتنەکەی ئۆباما باشتر دەبێت
بڵند
٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەو رێککەوتنەی ئێستا کاری لەسەر دەکەن لەگەڵ ئێران، زۆر باشتر و بەهێزتر دەبێت لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کە لە سەردەمی باراک ئۆباما ئیمزا کرابوو.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە رێکەوتنەکەی باراک ئۆباما گرتوە و دەڵێت؛ ئەو رێککەوتنە رێگەیەکی مسۆگەر بوو بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، بەڵام جەختی کردەوە کە لە رێککەوتنە نوێیەکەدا، ئەگەر ئەنجامبدرێت رێگە بەوە نادرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەو کۆتایی بە رێککەوتنە کۆنەکە نەهێنایە، ئەوا چەکی ئەتۆمی دژی ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش بەکاردەهێنرا.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، گەیشتن بەم رێککەوتنە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ جیهان و ئاشتی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و ئەوروپا و ئەمریکاش دەستەبەر دەکات، هاوکات جەختیشی کردەوە کە بۆ ئیمزاکردنی ئەم رێککەوتنە لەژێر هیچ جۆرە فشارێکدا نییە.



