كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخرا
لاوان
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
جارێكی تر كۆبوونەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق دواخرا و خرایە رۆژی دووشەممەی داهاتوو.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆببنەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە لەئێستادا بە رەسمی نوری مالكیییە، بەڵام بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا بۆ دوورخستنەوەی نوری مالكی و ناكۆكییەكانی ناوماڵی شیعە لەبارەی كاندیدی شوێنگرەوەی نوری مالكی، كۆبوونەوەكە دواخراوە بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو.
فیراس موسلیماوی، وتەبێژی فراكسیۆنی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاندووە، پابەندن بەو وادە دەستوورییەی لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە دیاریكراوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق.
هاوكات، عامر فایز سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوە كردووە، پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەكەی داهاتووی سەركردەكانی چوارچێوە نوری مالكی بكشێتەوە و رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بكرێت.



