چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە
کەژان
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە بارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببینەوە.
سەرچاوەیەكی چواچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاندووە، بڕیارە ئێوارە ئەمڕۆ سەركردەكانی چوارچێوە لە ماڵی هومام حەمودی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق كۆببنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق.
بە پێی زانیاری میدیاكانی عیراقیش لەرۆژانی رابردوودا نوری مالكی و هادی عامری و عەممار حەكیم و هومام حەمودی جیا لە سەركردەكانی تری چوارچێوەی هەماهەنگی، لەماڵی عەممار حەكیم كۆبوونەتەوە و تیایدا مالكی ئامادەیی نیشانداوە بۆ كشانەوە لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەكاری كراوە بۆئەوەی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە.
لە كۆبوونەوەی پێشووی چوارچێوەی هەماهەنگیشدا، چەندین ناوی تر باسكراون، لەوانە عەلی شوكری، محەمەد شیاع سودانی، حەیدەر عەبادی و چەند كەسێكی تر.
عامر فایز سەركردەی هاوپەیمانی تەسمیمیش رایگەیاندووە، ئەو كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی كە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، خراوەتە رۆژی شەممە لەسەر داواكاری مالكی، بەڵام تائێستا روون نییە كاتی كۆبوونەوەكە گۆڕدرابێت یان نا.
لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە پێی دەستوری عیراق، لایەنەكانی شیعە تەنها 15 رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق.



