فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە راگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر پێویستی بەستنی کۆبوونەوەی سبەینێ شەممە 11ـی نیسان دەکاتەوە، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار وەک گرنگترین شایستەی دەستوری. 

فراکسیۆنەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم پرسە کاتێکی زۆری وەرگرتووە و چیتر نابێت نەبوونی تەبایی سیاسی ببێتە رێگر لەبەردەم کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، چونکە دواکەوتنی ئەم هەنگاوە زیانی راستەوخۆی بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیان گەیاندووە و کاروانی خزمەتگوزاری و ئابووری پەکخستووە.

 

دەقی راگەیەندراوکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغداد

بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەنووکەییەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، و لە وەڵامی شایستە دەستوورییەکان کە گەلی عێراق چاوەڕوانی دەکات، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە سبەی شەممەدا، بە مەبەستی تەواوکردنی گرنگترین شایستەی دەستووری کە خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا دەبینێتەوە، دوای ئەوەی ئەم مەلەفە کاتێکی پێویستی بۆ یەکلاییکردنەوە وەرگرتووە، بۆیە نابێت پرسی نەبوونی تەبایی ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستن و  تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، کە بە کۆڵەکەی سەرەکی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دادەنرێت.

دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستە کاروانی دەوڵەت پەکدەخات و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی مەلەفە ئابووری، خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، هاووڵاتیانی عێراق چاوەڕوانن ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبستێت بە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، هەروەها باشترکردنی باری گوزەران و دابینکردنی هەلی کار .

لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات ئامادەی کۆبوونەوەی سبەی شەممە بن، کە ڕێککەوتی ۱۱ی نیسانە، لە پێناو بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان و چەسپاندنی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی کە لەسەر خوێنی پاک و قوربانییەکانی گەلەکەمان دامەزراوە، کە لە پێناو عێراق و ئازادی گەلەکەیدا بەخشیویانە.

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان