ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانی سودانی، باسیان لە چەند تەوەرێک کردووە. 

بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی رۆژنامەوانی  سودانی: هەردوولا باسیان لە ئاگربەست و گرژییەکانی ناوچەکە کردووە بەتایبەت هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان.

سودانی بە ماکرۆنی راگەیاندووە، ئەو کەسانەمان دەستگیرکردووە کە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە نزیک هەولێر کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕەنسی.

لە پەیوەندییەکەدا باس لە مۆندیالیش کراوە، سەرۆکی فەرەنسا بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق بۆ مۆندیالی 2026، پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووە و خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕیوە کە هەردوو هەڵبژاردەکە لە یەک گروپی مۆندیالدان و یاری پێکەوە ئەنجام دەدەن.