بە موشەك كۆبوونەوەی گروپێكی چەكداری عیراق لەناوچەی خۆرزوبێری قەزای سەفوان لە بەسڕە كرایە ئامانج و پێنج كوژراوی لێكەوتەوە، میدیاكانی عیراقیش دەڵێن، موشەكەكە لە كوەیتەوە ئاڕاستە كراوە.

میدیاكانی عیراق لە سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرایانكردووە، بە موشەك ماڵێك لە خۆرزوبێری قەزای سەفوان لە بەسڕە كراوەتە ئامانج، كە كۆبوونەوەی گروپێكی چەكداری تێدا بەڕێوەچووە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لە بۆردومانەكەدا پێنج كەس كوژراوە و یەكێك لە كوژراوەكانیش ژنە.

میدیا عیراقییەكان دەشڵێن، لێكۆڵینەوەی لایەنە ئەمنییەكان لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و لە لێكۆڵینەوەكانیشدا دەركەوتووە موشەكەكە لە كوەیتەوە ئاڕاستە كراوە.