دۆناڵد ترەمپ: دەکـرێت لە یەک شەودا کۆتایی بە ئێران بهێندرێت
بڵند
٦ی نیسانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا وردەکاریی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان راگەیاند و ئۆپراسیۆنەکەی بە "مێژوویی" وەسف کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، 200 سەرباز و 155 فڕۆکە، کە لە نێوانیاندا چوار فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و چەند فڕۆکەیەکی سووتەمەنی، بەشدارییان لە پڕۆسەی رزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەمدا کردووە.
ناوبراو رایگەیاند، کە فڕۆکەوانە بریندارەکە بەهۆی ئەو مەشقانەی پێی کرابوو، توانیویەتی بەسەر شاخەکاندا سەرکەوێت و خۆی بشارێتەوە تا ئەو کاتەی لە ماوەی 48 سەعاتدا رزگارکرا، جەختیشی لەوە کردەوە کە ساتی کۆتایی سەرخستنی فڕۆکەوانەکە کەمتر لە 10 خولەکی خایاندووە و هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە ئۆپراسیۆنەکەدا بریندار نەبووە.
سەبارەت بە روبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئێران، ترەمپ رایگەیاند کە هەلیکۆپتەرەکانیان کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی سوپای ئێران، بەڵام بەهۆی "خراپی و کۆنی" چەکەکانی ئێرانەوە زیانیان پێنەگەیشتووە.
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دوو فڕۆکەی ئەمریکی کە لە کاتی نیشتنەوەدا پەکیانکەوتووە، لەلایەن هێزەکانی خۆیانەوە تەقێنراونەتەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی سوپای ئێران.
ناوبراو بە تووندی هەڕەشەی وێرانکردنی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تەنها لە 37 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 13 هەزار هێرشیان ئەنجامداوە، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا.



