وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوزدا، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم  نوێترین زانیاری لەسەر  دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم خستەڕوو.

وەزیری خویندنی باڵای  ئاماژەی بەوەکرد، دامەزراندنی یەکەمەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەیی ئەوانە و نایانەوێت کەمتەرخەمی تێدا بکەن، جەختیکردەوە قەیرانە داراییە یەکلەدوای یەکەکان و رەوشی نەخوازراوی ساڵانی رابردوو رێگربوون لەوەی بتوانرێت وەک پێویست هەلی دامەزراندن بڕەخسێنرێت.

وەزیری خوێندنی باڵا ئاشکرای کرد، کە حکومەتی فیدڕاڵ کاتی خۆی وتیانە؛ لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی عیراق( 2023 ، 2024 و 2025 ) ناردنی بۆ پەرلەمان، دەرچەیەک بۆ دامەزراندن و میلاکات لە هەرێمی کوردستان دەکریتەوە  وکێشەکە لە ساڵی 2026 چارەسەر دەبێت، بەڵام  بە داخەوە تا ئێستا ئەو بودجەیە پەسەندنەکراوە و بەو هیوایەین بودجە پەسەند بکرێت و دەرفەت بۆ دامەزراندنی یەکەمەکان بکرێتەوە.

ناوبرا ئەوەشی خستەڕوو،  کاتێک بودجە دەچێتە پەرلەمان، ئێمە دەتوانین دەرفەت بدۆزینەوە بۆ دامەزراندنی ئەوانەی مافیان هەیە، چونکە تێپەڕبوونی بودجە کێشە داراییەکان و پرسی میلاکات تا رادەیەکی باش چارەسەر دەکات.

وەزیری خویندنی باڵا هیوای خواست، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بتوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرگای دامەزراندن بەڕووی دەرچووەکاندا بکەنەوە و کۆتایی بەو چاوەڕوانییە درێژخایەنە بهێنن.

 

https://www.youtube.com/embed/uZODY_TB68Y?si=PhnbWKk0RNRpjtcl