21 ساڵ بەر لە ئێستا، سەرۆك مام جەلال بووە یەكەم سەرۆك كۆماری كورد لە مێژووی عیراقدا..

لە 6 ـی نیسانی ساڵی 2005، كۆمەڵەی نیشتمانی عیراق سەرۆك مام جەلالی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عێراق هەڵبژارد، بۆ یەكەمین جاربوو لە مێژووی عیراقدا كوردێك ببێت بە سەرۆك كۆمار و ئەو رۆژەش بووە رۆژێكی مێژووی بۆ تەواوی گەلی كورد.

هەڵبژاردنی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراقی نوێ‌ دوای چەندین ساڵ لە دەسەڵات و ستەمی رژێمی بەعس، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهان گرنگییەكی زۆری پێدرا و مایەی دڵخۆشی بوو،  هەر لەو رۆژەدا جۆرج بۆش سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك مام جەلال كرد و ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپیش لە رێی پەیامی پیرۆزباییەوە  خۆشحاڵی و پشتگیرییان بۆ سەرۆك مام جەلال دوپاتكردەوە .

لە ناوخۆی وڵاتیش، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە بۆ یەكەمجار كوردێك توانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق.

سەرۆك مام جەلال رابەری پرۆسەی ئازادی و ئەزمونی دیموكراسی و دەستوریی لە كوردستان و عیراق بوو كە كەسایەتییە سیاسییەكان كۆكن لەسەر لێهاتوویی و دانایی و دەوڵەتمەداریی سەرۆك مام جەلال و بە سایەی عیراقییەكان وەسفیان دەكرد.

بەهۆی سیاسەتی حەكیمانە و رۆڵی بەرچاوی لە بەڕێوەبردنی وڵات و لێكنزیكردنەوەی لایەنەكان، لە ساڵەكانی 2006 و  2010، بۆ دوو خولی تر سەرۆك مام جەلال لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە و  تا ساڵی 2014 سەرۆك كۆماری عیراق بوو.

سەرۆك مام جەلال هەمیشە پێشنیاز و راسپاردەكانی لە دیدگای نیشتمانییەوە پێشكەش دەكرد و بە گرنگییەوە بۆ داهاتووی عیراق دەیخستنەڕوو، یەكێك لە پایە گرنگەكانی عیراق بوو و وێستگەی ئاشتەوایی بوو لەنێوان عیراقییەكاندا و بە پارێزەر و راگری ئەمان و ئاسایشی عیراق دەناسرا.

 لەسەردەمی  سەرۆكایەتی مام جەلالدا  كێشە و گرفتی زۆر لە عیراق هەبوون، بەڵام بە لێهاتویی و دانایی و ئەزموونی سیاسی خۆی چارەسەری دەكردن، لە گۆڕپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا پێگەی دیاربوو، جێگری سەرۆكی رێكخراوی ئینتەرناسیۆنالی جیهانی بوو كە جێ دەست و كاریگەری لەو بوارەدا بەڕوونی دیاربوو.

سەرۆك مام جەلال بە سەمامی ئەمانی عیراق ناسرابوو، هەربۆیە لەسەر دەستی ئەو سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بە ئاشتی و لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ كۆدەبوونەوە، هەر ئەوەش وایكردبوو لەڕ‌ووی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی عیراقیش بەچاوێكی دیكەوە لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال و كورد بڕ‌واندرێت.

لەدوای دوو ساڵ و لە رۆژی 17-12-2012 سەرۆك مام جەلال نەخۆش كەوتوو رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا ماوەیەكی زۆر لە نەخۆشخانە مایەوە هەرچەندە ناحەزان ریكلاێمێكی زۆریان كرد كە گوایە بەڕ‌ێزیان لەژیاندا نەماوە، بەڵام هەموو ئەو وتە ناڕ‌استانە لە ساڵی 2014 بەدرۆخرانەوەو لە مانگی 7ی ئەو ساڵەدا گەڕ‌ایەوە هەرێمی كوردستان و لە ناو ئاپۆڕ‌ایەكی جەماوەریدا پێشوازی لێكرا.

دووركەوتنەوەی كەسایەتی سەرۆك مام جەلال بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەسەر دروستبوونی ژمارەیەكی زۆر لەو كێشانەی كە ئێستای عیراق پێوەی دەناڵێنێت، سەرۆك مام جەلال هەركاتێك كە دەهاتەوە كوردستان ئەو كێشانەی هەبوون بەشێوازێكی چاوەڕ‌واننەكراو و لێزانانە چارەسەری دەكردن، ئەو تەنیا كەس بوو هەموو كەسایەتی و لایەن و بیروڕ‌ا جیاكانی لەسەر یەك مێزكۆدەكردەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسانە ئەو قەیرانە یەك لەدوا یەكانەن كە لەعیراق  رودەدەن.

لەڕ‌اگەیاندنی ئاگربەستی نێوان پەكەكەو حكومەتی ئەنکەرەش لەساڵی 1993دا پشكی شێری بەركەوت، لەدواین نامەشیدا بۆ سەرۆك مام جەلال عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە باس لە رۆڵی گرنگی مام جەلال دەكات بۆ پرۆسەی ئاشتی.

مام جەلال كوڕ‌‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌‌ی شێخ نوری كوڕ‌‌ی شێخ غە فوور. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی ( كەلكان ) ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لە دایكبووە، كە دەڕ‌‌وانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەرێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێ‌ لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕ‌‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌‌ی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

رۆژی 3ی تشرینی یەكەمی 2017 لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی ئەڵمانی كۆچی دوایكردو رۆژی 6ی هەمان مانگیش لەئاپۆڕ‌ایەكی جەماوەریداو بەئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای هەرێم و عیراق و سەرۆك و نوێنەری وڵاتان لە دەباشانی سلێمانی بەخاكسپێردرا.