وەفدێكی هەرێم بۆ باسكردن لە داهات و مووچە و سیستمی ئاسیكودا سەردانی بەغداد دەكەن
ساکۆ
٥ی نیسانی ٢٠٢٦
وەفدێكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی داهات و مووچە و سیستەمی ئەسیكودا سەردانی بەغداد دەكات
پەیامنێری كوردسات نیوز راگەیاند، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتی نانەوتی و مووچەی مانگی سێ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغداد بكەن بۆ ماوەی دوو رۆژ لەوێ بمێننەوە.
باسی لەوەش كرد، وەفدەكە چەندین تەوەری دیكە لە سەردانەكەیاندا تاوتوێ دەكەن، لەوانەش، گفتوگۆكردن لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكودا لە دەروازە سنورییەكانی هەرێم.
ئەمە جگە لە باسكردنی گۆڕینی سیستمی كاغەز بۆ سیستەمێكی ئەلیكترۆنی پێشكەوتوو و دروستكردنی بنكەیەكی زانیاری هاوبەش لە نێوان دەروازەكانی هەرێم و ناوەند بۆ چاودێریكردنی وردی جوڵەی بازرگانی.
سیستمی ئەسیكودا لەلایەن رێكخراوی بازرگانی و گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان پەرەی پێدراوە بۆ كەمكردنەوەی دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی ئیداری و رێگری كردن لە قاچاخچێتی و باشتركردنی كۆنترۆڵی باج.



