باڵیۆزخانەی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە ئەگەری هێرشی گروپە چەكدارەكان و داوا لە هاوڵاتیانی خۆی دەكات، دەستبەجێ عیراق بەجێ بهێڵن.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە راگەیەندراوێكی بەپەلەدا، هۆشداری داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی گرووپە چەكدارەكان لە ناوەڕاستی بەغداد لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتووداو دەڵێت، هێرشەكە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەبێت.

باڵیۆزخانەكە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو گرووپانە پێشتر هێرشی بەرفراوانیان دژی هاووڵاتییان و دامەزراوەكانی ئەمریكا لە سەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و حكومەتی عیراق نەیتوانیوە رێگری لەو هێرشانە بكات.

بەپێی هۆشدارییەكە، ئامانجەكان بریتین لە كۆمپانیاكان، زانكۆكان، فڕۆكەخانەكان، هۆتێلەكان و ژێرخانی وزە، ئاماژەی بەوەش كردووە هەندێك لەو گرووپانە پەیوەندییان بە حكومەتەوە هەیە.

داواش لە هاووڵاتییانی ئەمریكی كردووە بەهیچ شێوەیەك سەردانی عیراق نەكەن و ئەوانەی لەوێن، دەستبەجێ خاكی عیراق بەجێبهێڵن و سەردانی باڵیۆزخانە یان كونسوڵخانەكان نەكەن.