د. لەتیف رەشید لەگەڵ نوری مالکی کۆبووەوە
ساکۆ
١ی نیسانی ٢٠٢٦
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و جەختیان لە یەکخستنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق کردەوە
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026لە بەغداد، چاویکەوت بە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار و مالیکی پیرۆزباییان لە کۆمەڵانی خەڵکی عیراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی شێرانی رافیدەین بۆ یارییەکانی کۆتایی مۆندیال، و دەستخۆشییان لەو هەوڵانە کرد کە بۆ بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گەورەیە دراون.
هەروەها ستایشی ئەو ئاستە بەرز و رۆحیەتە نیشتمانییەیان کرد کە یاریزانان و ستافی تەکنیکی نیشانیاندا و گوزارشت بوو لە پێداگری و ئیرادەی گەنجانی وڵات، جەختیشیان کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە جێگەی شانازی هەموو عیراقییەکانە و نیشانەی یەکڕیزی گەلە لەپشت هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، بە وردی باس لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە و لێکەوتەکانیان کرا و لەو بارەیەوە، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ روبەوبوونەوەی ئەو لێکەوتانە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق، هەروەها جەختی لە گرنگی پشتیوانیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری یاساش کردەوە.
لای خۆشیەوە، مالیکی ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامیی هەماهەنگی و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکاندا کرد، بۆ یەکلاییکردنەوەی شایستە و ئەرکە دەستوورییە ماوەکان، بە شێوەیەک کە رێڕەوی دەستووریی دەوڵەت بپارێزێت و خواستی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت.



