سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار کرد
٣١ی ئازاری ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازیکرد لە د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی کاری رۆشنبیری و پاڵپشتیکردنی ئەو دامەزراوانە کرا کە پەیوەندییان بە پاراستنی کەلەپوری نیشتمانی و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی رۆشنبیرییەوە هەیە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە گرنگی چالاککردنی ئەو بەرنامانە کە ناسنامەی نیشتمانی دە چەسپێنن و هاریکاری نێوان دەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە کولتوورییەکان زیندوو دەکەنەوە، ئەمە جگە لە وەبەرهێنان لە توانای گەنجان و هاندانی داهێنان.
لای خۆیەوە وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار نیشاندا کە پشتیوانی لە پەرەپێدانی بواری رۆشنبیری و پاڵپشتیکردنی نووسەران و هونەرمەندان و فراوانکردنی چالاکییە رۆشنبیرییەکانە لە پارێزگا جیاوازەکاندا دەکەن.



