وەزارەتی ناوخۆی عیراق: كچە رۆژنامەنوسێكی بیانی لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە لەبەغداد رفێنرا
لاوان
٣١ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رفاندنی كچە رۆژنامەنووسێكی بیانی لە بەغداد لە لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە راگەیاند و دەشڵێت، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەستیپێكردووە و یەكێك لەو ئەنجامدەرانی تاوانەكەش دەستگیركراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كچە رۆژنامەنووسێكی بیانی لە بەغداد لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە رفێندراوە، روداوەكەش بەجۆرێك بووە، رفێنرەكان بە ئۆتۆمبێل شوێن ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووسەكە كەوتوون و لەئەنجامدا ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووسەكە وەرگەڕاوە، دواتریش رفێنەرەكان رۆژنامەنووسەكەیان رفاندووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی مەیدانیان لە رووداوەكە دەستپێكردووە و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد، توانیویانە رفێنەرێك دەستگیربكەن، هەروەها دەستبگرن بەسەر یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانەی تاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دڵنیاییش دەدات، لێكۆڵینەوەكان لە روداوەكە بەردەوامە و هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ رزگاركردنی رۆژنامەنووسە بیانییەكە و دەستگیركردنی سەرجەم رفێنەرەكان.


