کۆشکی سپی: ترەمپ ئامادەیە دەرگاکانی دۆزەخ بە رووی ئێراندا بکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦
لە ئەنجامی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کۆشکی سپی هۆشدارییەکی توند دەداتە تاران کە ئەگەر دان بە شکستی سەربازیی خۆیدا نەنێت، رووبەڕووی لێدانێکی وێرانکەر دەبێتەوە.
کارۆلین لیڤێت وتەبێژی کۆشکی سپی ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هۆشدارییەکی توند و بێپێشینەی ئاڕاستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئێران دان بە "شکستی سەربازیی خۆیدا" نەنێت، ئەوا رووبەڕووی لێدانێکی زۆر بەهێزتر دەبێتەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ گاڵتە ناکات و ئامادەیە بۆ هەڵگیرساندنی "جەنگێکی وێرانکەر"، وتیشی: "پێویستە ئێران جارێکی تر هەڵە لە هەژمارەکانیدا نەکات."
لیڤێت ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر تاران واقیعی ئێستا و شکستی سەربازیی خۆی قبوڵ نەکات، ترەمپ کار دەکات بۆ وەشاندنی گورزێک کە لە هەموو گورزەکانی پێشوو بەهێزتر بێت و "دەرگاکانی دۆزەخ" بە رووی ئەو وڵاتەدا بکاتەوە.
سەرەڕای هەڕەشە توندەکان، وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، ئەمریکا و ئێران هێشتا لە گفتوگۆی ئاشتی بەردەوامن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی میدیا رەسمییەکانی ئێران باس لە رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی واشنتۆن دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.


