وەزارەتی بەرگریی عیراق: وەڵامی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی حەبانیە دەدەینەوە
ساکۆ
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی عیراق لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆسەر بنکەی سەربازیی حەبانیە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئیدانەی هێرشەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەشدا کە وەڵامیان دەبێت
وەزارەتی بەرگریی عیراق رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانكردنی بنكەیەكی تەندروستیی سەربازی لە ناوچەی حەبانییەی سەر بە پارێزگای ئەنبار كە سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، حەوت سەربازی سوپای عیراق گیانیان لەدەستدا و 13 سەربازی تر بریندار بوون و لە ئێستاشدا گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئێستا تیمەكانی فریاكەوتن سەرقاڵی گەڕان و پشكنینن بەناو داروپەردوی بنكە بۆردومانكراوەكەدا.
وەزارەتی بەرگری عیراق ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەم بەئامانجگرتنە پێشێلكارییەكی زەق و مەترسیداری سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكانە و بە مافی خۆیانی دەزانن کە سەرجەم رێكارەكان بگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە.



