سەرۆکایەتی کۆمار: هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا
سام
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەی بۆردومانکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و لە پەیامێکدا دەڵێت: جەخت دەکەینەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیدا و بەشداریکی کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار
سەرۆکایەتی کۆمار بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو بۆردومانە دەکات کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری ناوچەی سۆران کردە ئامانج، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک تێکۆشەر و برینداربوونی چەندانی دیکە.
وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵمان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز، بە شکۆوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەرۆکایەتی کۆمار جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە سیستمی بەرگریی نیشتمانیدا و بەشداریکی کاریگەریان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
لەکاتێکدا داوای پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج، جەختیش دەکەینەوە سەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان، بەو شێوەیەی کە ئاسایشی وڵات بپارێزێت و خوێنی ڕۆڵەکانی بپارێزێت.
سەرۆکایەتی کۆمار
٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦



