بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە بێجی و سەلاحەدین و داقوق و كەركوك بۆردومانكران
ئاکام
١٩ی ئازاری ٢٠٢٦
فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆردومانی بارەگاكانی حەشدی شەعبییان لە كەركوك و سەڵاحەدین كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك چەكدار برینداربوون.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆردومانی بارەگای لیوای شەشی هێزەكانیان لە قەزای بێجی كردووە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی هێزەكانیان برینداربوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە بۆردومانێكی دیكەدا، بارەگایەكی سەر بە لیوای 31 ی حەشدی شەعبی لە نزیك فڕۆكەخانەی چینی لە سەلاحەدین بۆردومانكراوە و كوژراوێك و ژمارەیەك برینداری لێكەوتووەتەوە.
پێشتریش وەزارەتی بەرگری عیراق بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆردومانی بارەگای فەوجی سێی لیوای 16 ی حەشدی شەعبی لە قەزای داقوق و بارەگای لیوای 63 یان لە كەركوك كردووە.



