حكومەتی عیراق لەمەودوا زمانی كوردی لە یاسا و بڕیارەكانی كارادەكات
سام
١٨ی ئازاری ٢٠٢٦
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، 100 ئیمزا بۆ كاراكردنی ماددەیەكی دەستووری لەبارەی زمانی كوردی لەنووسراو و بڕیار و یاساكانی عیراق كۆدەكاتەوە تا لەمەودوا بەزمانی كوردیش بڵاوبكرێنەوە.
پۆڵا سیروان دێڕەشەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەرو بەندی ساڵی نوێی كوردی و زمانی دایكدا لەپەرلەمانی عیراق، 100 ئیمزای فراكسیۆنە جیاجیاكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆكردووەتەوە، بۆ كاراكردنی ماددەی 4ی دەستووری هەمیشەیی عیراق، كە باسی ئەوەدەكات زمانی عەرەبی و كوردی هەردووكیان زمانی رەسمیی وڵاتن، كە دەبێت لەیاسا و وتار و نووسراوەكان بەكاربێن و بڵاوبكرێنەوە.
پۆڵا سیروان دێڕەشەیی رایگەیاندووە، لەسەروبەندی ساڵی نوێی كوردی و رۆژانی جلی کوردی و زمانی دایکدا، نزیکەی 100 ئیمزام بۆ کاراکردنی ماددەیەکی دەستووری لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا کۆکردەوە، بۆ هەموان گرنگە کە چەندە خاڵی ناکۆکمان لە سیاسەتی حوکمڕانیدا هەبێت، بەڵام لە خاڵی «زمان، خاک و نیشتمانەکەماندا» هاوبەش بین، بۆیە سوپاسی هەڵوێستی فڕاکسیۆنی یەکێتی و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان و کوتلەکانی دیکە دەکەم، کە هاوهەڵوێست بوون بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە.



