ئەنجومەنی نوێنەران: پێویستە هاوتای پارێزگاكانی عیراق موچەی هەرێمیش دابەشبكرێت
کەژان
١٨ی ئازاری ٢٠٢٦
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق حكومەتی فیدرالی پابەندكرد بە خەرجكردنی موچەی موچەخۆران هەرێم و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە هەموو عیراقدا.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە دانیشتنەكەی شەوی رابردویدا كە تایبەتە بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری جەیهانەوە، چەند بریارێكی دەركرد، یەكێك لە بریارەكانیش بریتیە لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوتای فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاكانی تری عیراق و دۆزینەوەی رێگای نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو.
داواش لە حكومەتی فیدرال كراوە سیستمی ئەسیكۆدا لە هەموو شارەكان جێبەجێ بكات بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، و یاسای نەوت و گاز لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئامادە بكات، هەروەها جەختی لە نۆژەنكردنەوەی هێڵی بۆری كەركوك-جەیهان كردەوە.
هەروەها، حكومەتی فیدراڵی پابەندە بە دۆزینەوەی رێگایەك بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی عیراق بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لە كاردانەوەی ئابووری كە دەتوانێت وڵات وێران بكات.
هەر بە پێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، حكومەتی فیدراڵی دەبێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی نەوتدا بسەپێنێت.



