وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین بۆ تێپەڕبوونی تانکەرە نەوتییەکانمان بە گەرووی هورمزدا
محەمەد رزگار
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦
بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان، حکومەتی عیراق هەوڵەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران چڕ کردووەتەوە تا رێگە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز بدرێت.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق، ئەمڕۆ رایگەیاند، حکومەتی عیراق لە هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە مەبەستی رێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکانی عیراق لە رێگەی گەرووی ستراتیژیی هورمزەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، "پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە سەبارەت بە رێگەدان بە تێپەڕبوونی هەندێک لە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی عیراق" لەو ناوچە هەستیارەدا.
ئەم هەوڵانەی بەغداد لە کاتێکدایە، عیراق یەکێک بووە لە یەکەمین وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک کە دوای هەڵگیرسانی جەنگ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەم کردووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.



