سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیتاڵیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
سام
١٤ی ئازاری ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ڕۆژی هەینی 13ـی 3ـی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتاڵیا ئەنجامدا و باسیان لە پێشهاتی ناوچەیی و لێکەوتەکانی کرد.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەک کە سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت. هەروەها جەختیشیکردەوە لە هەڵوێستی عیراق کە هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عیراق یان بەکارهێنانی ئاسمانی و خاکەکەی لە هەر ململانێیەکدا رەت دەکاتەوە.
لای خۆیەوە ماتارێلا، پاڵپشتی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئیتاڵیا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی ئێستایان دەکات و جەختیکردەوە لە گرنگی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و پەنا بردن بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بەو دۆخە کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.



