وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، هەزار و 100 هاووڵاتی عیراقی لە لوبنان گیریان خواردووە و دوو پەناگەش بۆ عیراقییەكانی نیشتەجێی لوبنان كراوەتەوە.

محەمەد حسێن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندووە، بەهۆی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، هەزار و 100 هاووڵاتی عیراقی لە لوبنان گیریان خواردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی رێوشوێنێكی گونجاون بۆ دڵنیابوونەوە لە رەوشی ئەو هاووڵاتیانە و گەڕاندنەوەیان، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆئەو هاوڵاتییە عیراقییانەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە لوبنان نیشتەجێن. 

ئەوەشی خستووەتە روو، باڵیۆزخانەی عیراق لە بەیروت دوو پەناگەی كاتیی كردووەتەوە بۆ ئەو خێزانە عیراقییانەی بەهۆی هۆشدارییەكانی ئیسرائیلەوە ناوچەكانی باشوری لوبنانیان جێهێشتووە و لە ئێستادا 400 هاووڵاتی عیراقی لەو دوو پەناگەیەدا نیشتەجێن.

دەشڵێت: هەر خێزانێكی عیراقی نیشتەجێی لوبنان خواستی جێهێشتنی ئەو وڵاتەی هەبێت كارئاسانی بۆ دەكەن بۆ گەڕانەوەی بۆ عیراق.