سەرۆک کۆمار پێشوازی لەباڵیۆزی تورکیا کرد
سام
٩ی ئازاری ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لەکۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە ئەنێل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد، لەژێر ڕۆشنایی ئەو گرژی و ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنیانەی کە بەخۆیەوە دەبینێت و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەگرژی و ئاکامە نەرێنییەکانی لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەکە کردەوە و هەڵوێستی پتەوی عیراقی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دووپاتکردەوە و بەکارهێنانی خاکەکەی وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژی بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناوچەکە رەتکردەوە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و بەردەوامبوون لەفراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگی بە شێوەیەک کە خزمەت بە خواستەکانی هەردوو گەلی دراوسێ لەگەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا بکات.



