وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە،  وەزارەتی بازرگانی عیراق  راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ کە تەواوی بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابین کراوە و پرۆسەی دابەشکردن بەپێی خشتە دیاریکراوەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی بەبێ کەموکورتی بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تیمەکانی چاودێری بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی کارەکانی بریکارەکان و بازاڕەکان بۆ رێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان.

جەختیشیکردوەتەوە، کە کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک تەنها هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادکردنێک نادرێت.