سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیمارات و میری قەتەر، جەخت لەسەر بەکارهێنانی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ.

سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میری دەوڵەتی قەتەر بە تەلەفون  تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە میانی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەر یەک لە شێخ محەمەد کوڕی زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر، ئەمڕۆ دوایین پێشهاتی ناوچەکە لە بەر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوام و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان تاوتوێ کرد.

لە هەردوو  پەیوەندییەکەدا جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دانانی کاری لە پێشینە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بپارێزێت.

هەرسێ سەرکردە پابەندبوونیان بە پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرسێ  وڵاتەکە دووپاتکردەوە، هەروەها فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەیوەندی قووڵی برایەتی نێوان هەرسێ وڵات و پاڵپشتی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی دوپاتکردەوە.