عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیامێکی نوێدا بەبۆنەی ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی، ڕایگەیاند کە سەردەمی "سەرهەڵدانی نەرێنی" و خەباتی چەکداری تێپەڕێنراوە و ئێستا کاتی گواستنەوەیە بۆ سیاسەتی دیموکراسی و یەکگرتن (ئینتیگراسیۆن).

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان:

بانگەوازەکەمان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، گوزارشتە لەوەی لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک چەکەرە دەکات، چەک مانا و بایەخی خۆی لەدەست دەدات. ئەمە ڕاگەیاندنێکی ڕاشکاوە کە بژاردەی ئێمە سیاسەتە و تەواکەری بنەماکانمانە.

 ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکێکی مکوڕانە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاند. ئەزموونی ڕابردوو هێز و توانای ئێمەی بۆ گفتوگۆ و دانوستان سەلماندووە؛ دەتوانین ڕێگا بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لێکترازانەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و تەواکاری (ئینتیگراسیۆن) بکەینەوە. تەواوی بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان لە پێناو ئەم ئامانجەدا بوون. بڕیارە ڕێکخراوەییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری، نەک تەنیا ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی و کردەیی توندوتیژییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی دەروونییە بەرەو ئاسۆیەکی سیاسی. ئەم هەنگاوە لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی ئاشتبوونەوەیەکی دەروونی بوو لەگەڵ چەمکی کۆماردا.

​من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵی هەموو ئەو کەسایەتی و ناوەندە سیاسی و مەدەنییانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدار بوون، بە هەند وەردەگرم و بە گرنگی دەزانم. لێرەدا بە تایبەتی یادی هاوڕێمان 'سڕی سورەییا' بە ڕێز و حەسرەتێکی زۆرەوە دەکەمەوە.

​تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە، خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی ڕەسەنە. تەنانەت دەقە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆماریش ئاماژەیان بە یەکێتیی تورک و کورد دەدا. بانگەوازەکەی ٢٧ی شوبات، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و خەونێکە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک. ئامانجمان تێپەڕاندنی خولی خوێنڕشتن و ململانێ بوو. ئەگەر لەبری بینینی ڕەهەندی مێژوویی و مەترسییە قووڵەکان، تەنیا شوێن بەرژەوەندیی سیاسیی کورتخایەن و تەسک بکەوین، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. پێداگری لەسەر ئینکارکردن و بەردەوامیی سەرهەڵدان، گەورەترین ناسازی و ناتەواوییە. ئێمە ئەو بەربەستانە ڕادەماڵین کە لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا بۆ شێواندنی ئەم یەکێتییە دروست کراون و مەرجە یاساییەکانی پێکەوەژیان دەچەسپێنین. دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن پێکەوە کۆببینەوە و ژیانێکی هاوبەش بنیاد بنێین.

​ئێستا کاتی ئەوەیە لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی 'بنیادنان' هەنگاو بنێین. ئاسۆیەکی نوێ بۆ ستراتیژیی سیاسی کراوەتەوە. ئامانجمان کۆتاییهێنانە بە سەردەمی توندوتیژی و دەستپێکردنی پرۆسەیەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵگایەکی دیموکرات و سەروەریی یاسا. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بەرپرسیاریی مێژوویی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

​کۆمەڵگای دیموکرات و تەبایی نیشتمانی، کۆڵەکەکانی ئەم قۆناغە نوێیەن. ئەم قۆناغە هەموو جۆرە توندوتیژی و ململانێیەکی زۆرەملێ ڕەتدەکاتەوە. ئامانجی ئەم بنیادنانە، دەستبەسەرداگرتنی هیچ دەزگایەک نییە، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هەر تاکێک تا بەشداری لە داڕشتنەوەی کۆمەڵگادا بکات. گروپە چەوساوەکان، نەتەوەکان، ئایین و کولتوورە جیاوازەکان دەتوانن لە ڕێگەی خەباتی دیموکراتیی ڕێکخراوەوە پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن. لەم نێوەندەدا، زۆر گرنگە کە دەوڵەتیش وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم گۆڕانکارییە دیموکراتییانە هەبێت.

​تەواکاریی دیموکراتیک (ئینتیگراسیۆن) بەقەد خودی دامەزراندنی کۆمار گرنگە. ئەمە بانگەوازێکە بۆ داهاتوو و بوژانەوە. بنەمای ئەم کارە، مۆدێلی کۆمەڵگای دیموکراتیکە؛ کە بەدیلێکی ڕاستەقینەیە بۆ پەرتبوون یان توانەوەی زۆرەملێ. بۆ ئەم گواستنەوەیەش، پێویستمان بە 'یاساکانی ئاشتی' هەیە. ئەم چارەسەرە پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە.

​زۆربەی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، دەرئەنجامی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکن. ئێمە پارێزگاری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین کە فەزا بۆ دیموکراسی بکاتەوە و گەرەنتیی بەهێز بۆ مافەکان دابین بکات.

​هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە هاووڵاتیبوونێکی ئازاد هەیە کە تێیدا ئایین، زمان و نەتەوە بەسەر کەسدا نەسەپێنرێت. لە ناو سنوورە دیموکراتییەکان و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی دەوڵەتدا، دەبێت هەر ناسنامەیەکی ئایینی، فکری و نەتەوەیی مافی دەربڕین و ڕێکخستنی ئازادانەی هەبێت.

​ئەمڕۆ هیچ سیستمێکی فکری بێ پشت بەستن بە دیموکراسی ناتوانێت بەردەوام بێت. ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین، بەڵام دیموکراسی دەبێتە ڕاستییەکی چەسپاو. بانگەوازەکەمان تەنیا بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کێشەی پێکەوەژیان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

​ژن هێزی پێشەنگی کۆمەڵگایە؛ هیچ دەوڵەتێک بێ لەبەرچاوگرتنی ژن ناتوانێت بژی. توندوتیژیی خێزانی و چەوسانەوەی ژنان، نیشانەی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژن دەستی پێکردووە. هەر بۆیە ژنان کاراکتەری سەرەکین لە پرۆسەی گۆڕانکاریی دیموکراتیکدا.

​زمانی ئەم سەردەمە نابێت زمانی دەسەڵاتخوازی و خۆسەپاندن بێت. دەبێت گوێ لە یەکتری بگرین و ڕێگا بدەین هەر کەسێک ڕاستییەکانی خۆی دەرببڕێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش، پێویستمان بە 'ئەقڵێکی هاوبەش' هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزی متقابیل (دوولایەنە) بێت.

ڕێز و سڵاو

عەبدوڵا ئۆجالان

۱۶_شوبات_۲۰۲۶