ئەمریكا وادەی نوێی دەداتە هێزە سیاسییەكانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەت
لاڤە
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەمریكا تا رۆژی هەینی مۆڵەت دەداتە لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەتێك دوور لە هەژموونی ئێران.
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەردوو كەناڵی "عەرەبیە" و "حەدەس"یان راگەیاندووە، ئەمریكا وادەیەكی نوێی داوەتە هێزە سیاسییەكانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دوور لە هەژموونی ئێران، ئەو وادەیەش رۆژی هەینی كۆتایی دێت.
ئەو سەرچاوەانە باسیان لەوە كردووە، واشنتۆن هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی كردووە بۆسەر دامەزراوە و چەند كەسایەتییەك لە عیراق، ئەگەر حكومەتێكی نزیك لە ئێران پێكبهێنن.
راشیگەیاندووە، تۆم باراك نێردەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد و هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە لێپرسراواندا ئەنجامداوە و جەختیكردووەتەوە حكومەتی نوێی عیراق دوور بێت لە هەژموونی ئێران و بەڕوونیش هۆشداری پێداون لە سزای نوێ و توندی ئەمریكا.
ئەوەش لەكاتێكدایە نوری مالكی لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندبوو، لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق ناكشێتەوە.



