نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتیکردەوە لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق بکشێتەوە و رایگەیاند کە پابەندە بەو کاندیدکردنەی کە لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە لەسەری رێککەوتوون، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا.

مالکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (فرانس پرێس) رایگەیاند: "هیچ نەتێکیان بۆ کشانەوە نییە، ئەمەش وەک رێزێک بۆ سەروەریی دەوڵەت و ئیرادەی گەلی عیراق، چونکە مافی هیچ لایەنێک نییە بڵێت کێ هەڵبژێرن و کێ هەڵمەبژێرن". ئاماژەی بەوەش کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی رێککەوتوون و ئەویش تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە پرسی چەک، مالکی جەختی لەسەر پێویستیی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە و وتی: "ئەمە داواکاریی خۆمانە و دەمانەوێت یەک سوپا لە ژێر یەک فەرماندەییدا هەبێت". هەروەها دوپاتیکردەوە کە رێگە نادەن هیچ هێرشێک بکرێتە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان لە عیراق و پارێزگاری لە بەرژەوەندیی وڵاتان دەکەن.

ئەم لێدوانەی مالکی دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشکرای کرد، نامەیەکی زارەکییان لە واشنتنەوە پێگەیشتووە کە تێیدا ئاماژەی روون و راشکاو کراوە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەدا، ئەگەر بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگربێت لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو.